نەتەوەیەكگرتووەكان پشتیوانی بۆ هەوڵەكانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی قەیرانی ئاو ڕاگەیاند

سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و پرسی كەم ئاوی لە عێراق و مەترسییەكانی تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەبوو، هەروەها سكرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان  پشتیوانی خۆی بۆ عێراق و ھەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی قەیرانی ئاو دووپاتکردەوە.

د.لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق، لە پەراوێزی کۆنگرەی نیویۆرک بۆ ئاو لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە و باسی لەو  ئاستەنگانە کرد،کە عێراق لە ئەنجامی قەیرانی ئاودا رووبەرووی بووەتەوە.

هەروەها، جگە لە دیاردەی بەبیابانبوون و وشکەساڵی و خۆڵبارین، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی لایەنە جیاوازەکانی ژیان دروستکردووە، سەرۆککۆمار ئەو پێشنیازانەشی بە گرنگ لەقەڵەمدا کە دەبنە ھۆی کەمکردنەوەی قەیرانی ئاو لە جیھاندا.

لە بەرامبەردا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە نزیکەوە ئاگادارە کە عێراق بەدەست کەمیی ئاو و نزمیی ئاستی ئاوی روبارەکانی دیجلە و فوراتەوە دەناڵێنێت، کە کاریگەرییان لەسەر ژیان و رەوشی ژینگەیی دروستکردووە.

سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ عێراق و ھەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی قەیرانی ئاو و گۆڕانی کەشوھەوا و کاردانەوەکانیان لەسەر ژیانی گشتی دووپاتکردەوە.

س.س

Comments are closed.